بێ بەش

بیره‌وه‌ریی گرنگی پێشمه‌رگه‌یه‌ك …

ڕۆژی 3/2/2003 مام جەلال نامەیەکی نهێنی بە مستەفای سەید قادردا بۆ ناردم، باسی ڕێکەوتنی یەکێتی و ئەمریکییەکانی دەکرد،بۆ لێدانی ئەنسارلئیسلام، منیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەی مام جەلال،بە نەوزادی حاجی عەلیدا نامەیەکم بۆ عەلی باپیر نارد بۆ ئەوەی زەرەر نەکەن و دوورکەونەوە لەئەنسار چونکە ئەمریکا لێیان دەدات،دوای گەیشتنی نامەکە،عەلی باپیر کۆبونەوەیەکی سەربازی بە هێزەکانی خۆیان کرد،بڕوای وابوو ئەوە پلانی یەکێتییە بۆئەوەی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت،نەك هاتنی ئەمریکاو لێدانی ئەنسارو کۆمەڵ!مام جلال دەیتوانی ڕاستەوخۆ نامەکە بۆ علی باپیر بنوسێت،بەڵام لەترسی بڵاوبوونەوەی نامەکەو کەوتنە دەستی ئەمریکییەکان دواتر بڵێن تۆ لەلایەك دژی ئیسلامییەکانی و لەلایەکیش هۆشدارییان پێدەدەیت..هەروەها بۆیە نامەکەی بۆمنیش نارد تاکو من شاهیدی ئەم بابەتەبم لەم ڕووداوەدا.ئەوەبوو علی باپیر نامەکەی پشتگوێ خست و شەوی 21 لە سەر22مانگی ئاداری ساڵی2003 بەسارۆخ لێیان دراو نزیکەی 70کەسیان بووە قوربانی لەکاتیکدا دەیانتوانی خۆیان لەو رووداوە دووربگرن و ئەو کەسانەش نەکوژرێن. ڕۆژی 24/3 ئێرانییەکان،علی باپیریان هێنا بۆ گوڵەخانەو ژورێکمان پێداو بە عەبدوڵای برامم وت نەهێڵیت کەس بیبینێت تەنانەت کەسی نزیکی خۆشی ئەگەر خۆی ڕازی نەبێت، لەترسی ئەوەی نەوەك زەفەری پیببەن و بیکوژن…تا ئەوکاتە خۆم چومە سلیمانی و دوکان بۆلای مام جلال بۆچارەسەری کێشەکەو دوورخستنەوەی کۆمەڵ لەشەڕەکەو ئەنسار…مام جلالیش باش بوو قەناعەتی کرد..ڕۆژی 26/3 مام تەلەفۆنی کرد وتی میوانەکانتان کێن؟ وتم ئەڵێی کەشتی نوحە هەموو جۆرێکی لێیە ئەمریکییەکان ئێرانییەکان، کۆمەڵ، یەکێتی،نزیکەی 50ڕۆژنامەنوسی ئەجنەبیش.وەزعەکە زۆرناخۆش بوو، علی باپیر وتی یەك دینارمان نییە،منیش لەسەر داوای خۆی بەمام جلالم وت کەشتێکی وا هەیە، مام جلال 250 هەزار دۆلاری نارد،بەئامادەبوونی مەلا ناسیح بامۆکی و محمد حکیم و حامیدی حاجی خالید و مامۆستا عەزیزی دەزگای زانیاری و مستەفای سەیدقادر 250 هەزار دۆلارەکەمان تەسلیم بە علی باپیرکرد.پاش وەرگرتنی پارەکە ناردیان بەدوای ناڕازییەکانی کۆمەڵدا کە بڕوایان وابوو نابێت پشتی براکانی خۆیان بەردەن بۆ یەکێتی مەبەستیان ئەنساربوو،دڵشاد کەلاری و چەند کەسی دیکە هاتن بۆ گوڵەخانەو چونە ئەو ژوورەی بۆ علی باپیر ئامادەکرابوو،پاشان مەلاناسیح بامۆکی بە علی باپیری وت،مامۆستا ئێمە قەرارمان وانەبوو ئەم کارەبکەین و برا دینییەکانی خۆمان(ئەنسار)بەپارە بفرۆشین، وەکارێکی خراپت کردوا دیاربوو بەشێکی کۆمەڵ ڕازی نەبوون ناوچەکە چۆڵ بکەن و کێشەیان لەوبارەوە هەبوو،بۆیە مام جەلال تەلەفۆنی بۆمن کرد کە با علی باپیر پارەکەمان بداتەوەو شەڕەکە بکەین و ئیدی ناکرێت چاوەڕێ بکەین،بۆ ئەو مەبەستە حامدی حاجی خالید هات بۆ گوڵەخانە بۆئەوەی بەعلی باپیر بڵێت پارەکەمان بەرەوە.بەڵام کاك حامید شەرمی دەکرد داوای پارەکەبکات تائەوەی زووزوو داوای ئاوی دەکرد وئارەقی دەسڕی. یەکێك لەئەندامانی کۆبوونەوەکە وتی مامۆستا علی کاك حامید بۆ پارەکە هاتوو بیدەنەوە بەیەکێتی و هەرکەس لەماڵی خۆی، علی باپیرش وتی: وەڵا برا پارە نەماوەو هەرئەو رۆژە بە کاك دڵشادو جەماعەتدا پارەکەم ناردووە بۆ وشکەناودواتر ئەوەبوو کۆمەڵ هاتنە ژێرباروو ناوچەکەیان چۆڵ کرد،پێش چۆڵکردنەکەش علی باپیر بەمنی وت: راستی ئەو پارەیە هەربەشی ئەو چەند ڕۆژەی کردووەو پارەمان پێنییە سەیارەو گەڵابە بگرین بۆ گواستنەوەی کەل و پەلەکان، بۆیە من داوام لەمام جلال کرد 100گەڵابەی نارد خۆشیان بە تراکتۆرو سەیارەی خۆشیان ناوچەکەیان چۆڵکرد، کۆمەڵ لەسەرەتادا داوای ناوچەی قەرەداخیان کردکەبۆی بڕۆن،بەڵام یەکێتی ڕازی نەبوو، تادواتر ئەوەبوو برانە ناوچەی دارەشمانە.___________ڕۆژمێری پێشمەرگەیەك محمدی حاجی مەحمود

Back to top button