سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی جەنەرال کیس فیلیپس گەورە ڕاوێژکار و پاشکۆی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو .لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری وپەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بە گشتی و گرنگیی برەودان بە هەماهەنکیی نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراق تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمەریکا لە هێزی پێشمەرگە ، هیوای سەرکەوتنی بۆ جەنەرال فیلیپس خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا.گەورە ڕاوێژکار و پاشکۆی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق، ستایشی ڕۆڵی پێشەنگ و هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی کرد لە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چاکسازییانە، هۆکارێکی بەهێزن بۆ بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتگیرییەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمەریکا، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.